شاعیر: وەفایی
کتێب: دیوانی وەفایی
سەرناو: یار هاتەوە دەست و دڵی خۆم گرت و بەسەر چووم

یار هاتەوە دەست و دڵی خۆم گرت و بەسەر چووم
جان قابیلی جانان نەبوو نەمزانی بەسەر چووم

فەرمووی: چ کەسی؟ کەوتمە بەرپێی کە وەفاییم
قوربان چ بوو عومرێکە لەلەت بووم و لەلات بووم؟ ! 

دەستی لەسەری دام و دڵی دامەوە فەرمووی: 
خۆش هاتی! بەخێر هاتی! وەلێ ڕۆحە بەهای ڕووم! 

وا خستمی چاوی کە بە داو زولفی وەلادا
شەو ڕۆیی، بەیان بەربوو، ئەمن هەر لە خەوا بووم! 

یارایی موژە و تابی برۆی تۆی نییە جەرگم
بەو تیر و کەمانە نە فەرامەرز و نە بورزووم

ماچی دەمی، خەندەی دەمەکەی سیڕڕی بەیان کرد
ئەو جەوهەرە وا فەردە نە مەوجوودە نە مەعدووم

زەڕڕێکی لە سیڕڕی دەمی تۆم برد و نەزانی
حەیرانی کەماڵاتی فەلاتوون و ئەرەستووم

مومکین نییە بەو نێرگسە من بێمەوە سەرحاڵ
من دەربەدەری ڕووتم و سەوداسەری گیسووم

لەو زولفە - بە غەمزەی نیگەهت - نیمە ڕەهایی
من بەستەیی نێو داوی پەریزادەیی جادووم

فەرمووی: لە کوفر لادە موسوڵمان بە وەفایی
دێوانە مەبە، دەست مەدە زولفم، ئەوەتا ڕووم